ئێســكەنــەرمە

ئێســكەنــەرمە
ئێسكەنەرمە Rickets گرفتێكی ئێسكە لە تەمەنی منداڵیدا كە ئێسكەكان نەرم و لاواز دەبن و رووبەڕووی شكان و خواربوون، یان سەقەتبوون دەبنەوە. كەمیی ڤیتامین D لەبەر كەم بەركەوتن بە تیشكی خۆر هۆكاری سەرەكییە، هەروەها كەمیی كالسیۆم لە خۆراكدا هۆكارێكی دیكەیە، هۆكارەكانی دیكەش بریتین لە: رشانەوە، یان سكچوونی درێژخایەن، نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشیی جگەر لەگەڵ هەندێك گرفت لە كۆئەندامی هەرسدا. بەدخۆراكیی درێژماوە لە تەمەنێكی بچووكی منداڵیدا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بەدی دەكرێت. نیشانەكان: شل و شۆڕبوونی پەلەكان لە منداڵی بچووكدا، ئازاری ئێسك، شكانی ئێسك بە زەبرێكی سووك، ئاستی نزمی كالسیۆم لە خوێندا، خواربوونی كەوانەیی قاچەكان Bowedlegs، كورتبوونی باڵا و كەمیی كێشی لەش، نەرمبوونی ئێسكی كاسەی سەر، پانبوونی مەچەكەكان، گرژبوونی كۆنتڕۆڵنەكراوی ماسوولكەكان، لەیەكتر نزیكبوونەوەی ئەژنۆكان Knockknees، ئاستی زۆر نزمی كالسیۆمی خوێن لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری پەركەم، یان گرفت لە هەناسەدا. بە زیادكردنی ئەو خۆراكانەی ڤیتامین Dلەخۆدەگرن وەكو هێلكە، كەرەی دەستكرد (مارگەرین)، ماسیی چەور، هەروەها بەكارهێنانی دەنكۆڵە، یان كەپسولی رۆنی ماسی، یاریدەدەری خۆراكی كە كالسیۆم و ڤیتامین D و كالسیۆم و فۆسفۆر لەخۆبگرێت بە شێوەی كەپسول، یان شەربەت، هاوكات لەگەڵ خۆدانە بەر تیشكی خۆر، ئێسكەنەرمە بە تەواوی چارەسەردەبێت.
Top