دوكەڵی جگەرەی ئاسایی، جگەرەی ئەلیكترۆنی، هەروەها ڤەیپ تا رادەیەكی كەمتر هۆكارە بۆ سووتانەوەی ژێیەكانی دەنگ كە سەرەتا دەبێتە هۆی ئاوسانیان، پاشان پەیدابوونی بڵۆق ئینجا رەق دەبن و دەبنە گرێی بچووك. گرێی بچووكی سەر ژێیەكانی دەنگ VocalCordNodules بە باوترین ئاكامی خراپی جگەرەكێشان هەژمار دەكرێت، ئەگەرچی گرێیەكان پاكن، بەڵام كاریگەریی نەرێنی زۆر دەكەنە سەر دەنگ و توانای ژێییەكانی دەنگ بە شێوەی قورسبوون و ناسافیی دەنگ Scratchyvoice و زوو ماندوبوونی ژێیەكان لەگەڵ ناڕێكیی لەرینەوەیان. لە لایەكی دیكەوە جگەرەكێشان دەبێتە ئەگەری هەوكردنی درێژخایەنی قوڕقوڕاگە و زیاد دەردانی شلەی لینج، كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر كوالیتیی دەنگ، هەروەها شێرپەنجەی قوڕگ كە هۆكارە بۆ قەبەبوونی هەمیشەیی دەنگ. جگەرەكێشان هاندەرە بۆ گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ بەشی سەرەوەی سووێنچك و لەوانەیە بگاتە ژێیەكانی دەنگ و دوچاری سووتانەوەیان بكات و دەنگ بگۆڕێت. ئەمەش روونكراوەتەوە كە لە ئافرەتی جگەرەكێشدا قەبەبوونی دەنگ پەیوەندی بە گۆڕان، یان گرفتی هۆرمۆنییەوە نییە، ئەگەر پاش وازهێنان لە جگەرە دەنگ چاكیش ببێتەوە، ئەوا ماوەیەكی زۆری پێویستە كە بە شەش مانگ، یان زیاتر دەخەمڵێنرێت، لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا ئافرەت بۆ هەمیشە دەنگی دەگۆڕێت.