دوو كەوچك زەیتی زەیتوون بكەرە ناو خۆراكی رۆژانە تەوە

دوو كەوچك زەیتی زەیتوون بكەرە  ناو خۆراكی رۆژانە تەوە
زەیتی زەیتوون بەتایبەتی زەیتی یەكەم گوشینی زەیتوون Extravirgin بۆ تەندروستی سوودبەخشە. چەوریی ئۆمیگا3 و ئۆمیگا6 بە رێژەی 11%لەخۆدەگرێت، هەروەها ترشی ئۆلێییك Oleicacid بە رێژەی 73% لەخۆ دەگرێت كە چەورییە ناتێرە یەكانەكانە Monounsaturated و ئاستی هەوكردن لە لەشدا كەم دەكاتەوە و رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە. زەیتی زەیتوون سەرچاوەیە بۆ رێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆكسانەكانی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols و ڤیتامین E كە گرنگن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خوێن، لەگەڵ خۆپاراستن لە ئەگەری نەخۆشیی دڵ. سوودەكانی دیكەی زەیتی زەیتوون بریتین لە: خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك، كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر Alzheimer›s، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، كەمكردنەوە و سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی رۆماتیۆدی جومگەكان، باشتركردنی فرمانەكانی مێشك، بوونی سیفەتی دژەبەكتریا بەتایبەتی بەكتریای گەدە و خۆپاراستن لە كولبوون و شێرپەنجەی گەدە. بە پێی رێنمایی پسپۆڕانی تەندروستی، رۆژانە دوو كەوچك زەیتی زەیتوون لە خۆراكدا كە دەكاتە نزیكەی 23 گرام، ئەم سوودە تەندروستییانە دەپێكێت، كە باسمان كردن.
Top