زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی لەولەب

زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی لەولەب
بەكارهێنانی لەولەب IUD تا رێژەی 99% ئامانجەكەی دەپێكێت. لەولەب پلاستیكێكە لە شێوەی پیتی T كە ماددەی كۆپەر، یان هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن لەخۆدەگرێت. زیانە لابەلاكانی لەولەبی ناهۆرمۆنی كە زۆربەیان لە كۆپەر دروستكراون ئەمانەن: درووستبوونی ئازار لە بەشی خوارەوەی سك و پشت كە بۆ چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، بینینی چەند دڵۆپێكی خوێن لە ماوەی نێوان سووڕەكانی مانگانەدا، ناڕێكبوونی سووڕەكانی مانگانە هاوكات لەگەڵ زیاتر بینینی خوێن و درێژبوونەوەی ژمارەی رۆژەكانی سووڕی مانگانە، زیادبوونی ئازار لەكاتی سووڕی مانگانەدا، روودانی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان Ectopicpregnancy. هەروەها زیادبوونی ئەگەری هەوكردنی شانەكانی حەوز دێتە پێشەوە كە بریتییە لە هەوكردنی منداڵدان، لوولەكانی فالوپ (لوولەی نێوان منداڵدان و هێلكەدان)، لەگەڵ ئەندامەكانی دیكەی زاوزێ. زیانە لابەلاكانی لەولەبی هۆرمۆنی: وەستانی سووڕی مانگانە Amenorrhea، بینینی خوێن لە ماوەی نێوان سووڕەكانی مانگانەدا، زیاد بینینی خوێن لەكاتی سووڕی مانگانەدا، ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت و سكدا، ئەگەری پەیدابوونی كیسی هێلكەدان، سەرئێشەی هاوشێوەی شەقەسەر، زوو هەڵچوون، سەرسووڕان، هێڵنج، رشانەوە، ئازار، یان ناڕەحەتی لە مەمكدا، زیادبوونی كێشی لەش، گۆڕان لە گەشەی قژدا، ئەگەری خورشتی پێست و پەیدابوونی زیپكە، گۆڕان لە مەزاجدا، خەمۆكی.
Top