ئەمە راستییەكی زانستییە كە خواردنی سەوزە، یان میوە بەبێ شوشتن هەرگیز سەلامەت نییە. شوشتنەوەی سەوزە و میوە بەقەد بەها خۆراكییەكانیان گرنگی هەیە. گەلێك نەخۆشی لە ئەنجامی سەوزە و میوەی نەشۆراوە دەگوازرێنەوە، بەتایبەتی سكچوون، هەروەها ماددە كیمیاییەكانی وەكو پەین Fertilizer و بكوژی مێروو Pesticides و میكرۆب لەسەر رووی سەوزە و میوە تازەكاندا بوونیان هەیە و زیانبەخشن، كە ئەگەر بە باشی لانەبرێن، ئەوا دەبنە ئەگەری نەخۆشی، هەندێك جاریش مەترسی بۆ تەندروستی پەیدادەكەن، بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەرگریی لەشیان لەبەر هەر هۆكارێك نزمە. شوشتن ژمارەی بەكتریا لەسەر رووی سەوزە و میوەكان كەم دەكاتەوە، بۆنموونە بەكتریای سالمۆنێللا، ئی كۆلای. نابێ هەرگیز سەوزە و میوە بە سابون، یان پاككەرەوەی كیمیایی دیكە پاك بكرێنەوە، بەڵكو بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە، یان ئاوی پاك باشترین هەڵبژاردەیە بۆ شوشتنەوەی سەوزە و میوە، هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی فڵچەی تایبەت بۆ پاككردنەوەی سەوزە و میوە توێكڵ ئەستوور و رەقەكانی وەكو كولەكە، خەیار، پرتەقال، هەنار، لیمۆ...هتد. واباشترە كە پلەی گەرمیی ئاوەكە نزیك بێت لە پلەی گەرمی سەوزە و میوەكان، بۆنموونە: سەوزە و میوەی سارد بە ئاوی سارد و سەوزە و میوەی گەرم بە ئاوی گەرم بشۆردرێنەوە، ئینجا بە خاولیی كاغەزی وشك بكەرێنەوە، ئەمەش زیاتر بەكتریا لادەبات.