زیاد خواردنی چیپسی پەتاتە زیانبەخشە

زیاد خواردنی چیپسی پەتاتە زیانبەخشە
ئایا دەزانی كە زیاد خواردنی چیپسی پەتاتە Potatochips بۆ تەندروستی باش نییە؟ چیپسی پەتاتە وزەی زۆر لەخۆدەگرێت، بۆیە لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، بۆنموونە 15-20 دانە چیپس نزیكەی 10 گرام چەوری و 154 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، هەروەها رێژەیەكی كەمی ماددە خۆراكییە گرنگەكان لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی ڤیتامین و كانزاكان. چیپسی پەتاتە رێژەی بەرزی سۆدیۆم (خوێ) لەخۆدەگرێت، بۆنموونە: هەر 100 گرام چیپس نزیكەی 500 ملگم خوێ لەخۆدەگرێت، كە ئەگەری نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا زیاد دەكات، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە هۆكارێكی بەهێزە بۆ ئەگەری جەڵتەی مێشك، نەخۆشیی دڵ، پەككەوتنی دڵ، نەخۆشیی گورچیلە. چیپس چەورییە نێوەندەكان لەخۆدەگرێت، كە بە خراپترین جۆری چەوری هەژماردەكرێت، لەگەڵ چەورییە تێرەكان كە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستڕۆڵی خراپ لە خوێندا، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ زیاد دەكات. لە لایەكی دیكەوە پەیدابوونی ماددەی ئەكریلەماید Acrylamide لە ئەنجامی سووركردنەوەی پەتاتە بە پلەی گەرمی بەرز ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و تێكچوونی دەمارەكان زیاد دەكات، هەروەها لە چەندین سەرچاوەی پزیشكیدا هاتووە كە زیاد خواردنی چیپسی پەتاتە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەش زیاد دەكات.
Top