ئەنجامدانی مەشقی وەرزشیی رێك و رۆژانە لەوانەیە وا لە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە بكا ت، كە چیتر پێویستییان بە بەكارهێنانی دەرمان نەبێت، بەڵكو تەنیا بە پارێزی دروستی خۆراك و مەشقی فیزیكی شەكرەیان بە شێوەیەكی دروست كۆنتڕۆڵ بكەن. ئەمەش روونە كە مەشقی وەرزشی هەنگاوێكی ئەكتیڤە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، لێكۆڵینەوەكانیش جەختیان كردۆتەوە كە دابەزاندنی تەنیا %10ی كێشی لەش لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو Type2diabetes هەنگاوێكی زۆر كاریگەرە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی شەكرە. مەشقی وەرزشی رۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی شەكرە، هەروەها ئاستی وزە و چالاكیی جەستەیی زیاد دەكات، وزەیەكی باشی وەرگیراو لە ژەمەكانی خۆراك سەرف دەكات. بەگشتی مەشقی سووك و ماوەكورت مەشقی گونجاون بۆ تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە، بۆنموونە: پیادەڕۆیی، مەلەكردن، لێخوڕینی پایسكل، ئەمانە مەشقی گونجاو و كاریگەر و هاندەرن بۆ دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن و كەمكردنەوەی پێویستیی لەش بە هۆرمۆنی ئینسولین.