گەدەی كەسێكی ئاسایی تا قەبارەی نزیكەی دوو لیتر خۆراك دەگرێت، بەڵام توانای كشانی تا چوار هێندە هەیە، گەدە پاش دوو كاتژمێر لە خواردن دەست بە بەتاڵبوون دەكات، بەگشتی گەدە چوار كاتژمێری پێویستە بۆ بەتاڵبوونی تەواو و گەیشتنی هەموو خۆراكی ناو گەدە بە ریخۆڵە باریكە. لەكاتی زیاد خواردندا، بارگرانی دەكەوێتە سەر كۆئەندامی هەرس، ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەرز دەبێتەوە و پەنكریاس بڕی زیاتری هۆرمۆنی ئینسولین دەردەدات. زیاد خواردن هۆكارە بۆ زیادبوونی فشار لەسەر گەدە و گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك، كە هۆكارە بۆ دڵەكزێ Heartburn بەتایبەتی لەكاتی پاڵكەوتندا، هەروەها ناڕەحەتیی گەدە، هێڵنج، سەرئێشە، زیادبوونی هەستی تینووبوون، لەگەڵ بۆرژان و هەستكردن بە ماندووبوون، كە پاش نزیكەی دوو كاتژمێر ئینجا نامێنێت. لێپتین Leptin كە بە هۆرمۆنی هەستكردن بە تێربوون ناسراوە نامە دەداتە مێشك كە ئیتر بەسە خواردن، بەڵام زیاد خواردن گەیشتنی ئەم نامەیە دوادەخات، بۆیە كەسەكە لە خواردن بەردەوام دەبێت، تا ئەوكاتەی كە هەست بە پڕبوون، یان ناڕەحەتیی گەدە دەكات.