گواستنەوەی گورچیلە Kidney transplant نەشتەرگەرییەكی گەورەیە، بەگشتی ئەگەری ئاڵۆزی لە زۆربەی نەشتەرگەرییە گەورەكاندا هەیە، بەتایبەتی ئازار، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برینەكان، لەگەڵ ئەگەری خوێنبەربوون، یان هەوكردن. لە نەشتەرگەریی گواستنەوەی گورچیلەدا، یەكێك لە ئاڵۆزییە گەروەكان بریتییە لە رەتكردنەوەی Rejection ئەندامی بێگانە، هەروەها زیانی لابەلای ئەو دەرمانانەی كە دژی رەتكردنەوە بەكاردەهێنرێن، كە سستمی بەرگریی لەش كپ دەكەن و لەوانەیە ببنە ئەگەری هەندێك جۆری شێرپەنجە و نەخۆشی لە جگەر و خودی گورچیلەی نوێدا. ئاڵۆزییە زووەكان: هەوكردن، خوێنبەربوون، بوونی خوێن لەگەڵ میزدا، لاوازبوونی ماسوولكەكانی دیواری سك كە ئەگەری قۆڕی زیاد دەكات لە شوێنی نەشتەرگەرییەكەدا، پەیدابوونی ناسۆر لە رێڕەوەكانی میزەڕۆدا Fistula، ئەگەری پەیدابوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن لەناو خوێنبەردا، كە ئەگەر بگاتە مێشك، یان سییەكان ئەوا گرفتی گەورە و مەترسیدار پەیدادەكات. ئاڵۆزییە درەنگەكان: تەسكبوونەوە، یان گیرانی حالب (بۆڕیی نێوان گورچیلە و میزڵدان)، هەوكردنی شانەكانی گورچیلەی گوازراوە، هەوكردن لە بەشەكانی دیكەی لەشدا، زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی بەرد لە گورچیلەی نوێدا، تەسكبوونەوەی خوێنبەری گورچیلە، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی گورچیلە و ملی منداڵدان لە ئافرەتدا، ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خوێن.