سوودی رۆنی ماسی Fish oil بۆ سوودە تەندروستییەكانی ئۆمیگا3 دەگەڕێتەوە، كە بریتین لە: باشتركردنی فرمانەكانی مێشك لەگەڵ باشتركردنی مەزاج، سووككردنی نیشانەكانی خەمۆكی، سووككردنی پەستی، پاراستنی تەندروستیی چاو، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، سووككردنی هەوكردنی جومگەكان، هاندانی گەشەی كۆرپە لە ئافرەتی دووگیاندا، بەتایبەتی گەشەی مێشك، خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ، بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی باش HDL و دابەزاندنی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، بۆیە گەلێك كەس رۆژانە كەپسوولی رۆنی ماسی وەردەگرن. لەش توانای دروستكردنی ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا 3 ی نییە، بۆیە پێویستە كە لە رێگای خۆراكەوە وەربگیرێت، ماسیی چەور باشترین سەرچاوەیە كە پێویستە بەلای كەم هەفتانە دوو جار بخورێت، ئەگینا پێویست بە وەرگرتنی رۆژانەی كەپسولی رۆنی ماسی دەكات. پێویستیی رۆژانەی ئۆمیگا3 بە كۆی هەر سێ جۆرەكەی بۆ كەسانی ئاسایی و تەندروست بریتییە لە 1،100 ملگم بۆ ئافرەت و 1،600 ملگم بۆ پیاو، هەروەها بۆ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، بریتییە لە 1000 ملگم لە كۆی هەردوو جۆری DHA و EPA. پسپۆڕان كۆكن لەسەر ژەمی رۆژانەی رۆنی ماسی كە بڕی 250-500 ملگم لە ترشە چەورییەكانی EPA و DHA لەخۆبگرێت، واتە سەرجەمی هەردووكیان. بەگشتی 1000 ملگم رۆنی ماسی نزیكەی 300 ملگم لە ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت واتە كۆی هەر دوو جۆرەكەی EPA و DHA.