جگەرەكێشان لۆچبوونی پێست تاودەدات

جگەرەكێشان لۆچبوونی پێست تاودەدات
جگەرەكێشان جگە لە هاندانی لۆچبوونی پێشوەختە، یان زوو پیربوونی پێستی دەموچاو، هاندەریشە بۆ لۆچبوون Wrinkles لە پێستی هەموو بەشەكانی دیكەی لەشدا، جگەرەكێشان لە هەر تەمەنێكدا لە پیاو و ئافرەت هۆكارێكی زەق و بەهێزە بۆ لۆچبوونی پێستی دەموچاو. لۆچبوونی پێست كە روویدا ئیدی گەڕانەوەی بۆ نییە، رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر بە تاكە رێگا دەمێنێتەوە، بۆیە یەكێك لە رێگا كاریگەرەكان وازهێنانە لە جگەرەكێشان. ئەم كاریگەرییەی جگەرەكێشان لە ماوەی 10 ساڵی جگەرەكێشاندا روودەدات، كێشانی ژمارەی زیادی جگەرە لۆچبوونی پێست خێراتر دەكات، نیكۆتینی جگەرە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن لە چینی هەرە سەرەوەی پێستدا، واتە خانەكان بڕی تەواوی ئۆكسجین و ماددە خۆراكییەكان وەرناگرن، بەتایبەتی ڤیتامین A. لە لایەكی دیكەوە، دوكەڵی تووتن زیاتر لە 4000 ماددەی كیمیایی لەخۆدەگرێت، كە پرۆتینی كۆلاجین و ئیلاستین Elastin لە پێستدا تێك دەشكێنن، بەمەش توانای لاستیكیی پێست كەم دەبێتەوە و پێست دوچاری شل و شۆڕبوون Sagging و لۆچبوون دەبێت، هەروەها جووڵەی لێوەكان لەكاتی هەڵكێشانی دوكەڵی جگەرە و جووڵەی دەموچاو و نیمچە داخستنی چاوەكان لەبەر دوكەڵی جگەرە، هاندەرن بۆ تاودانی لۆچبوونی پێستی دەموچاو.
Top