ئایا بەكارهێنانی جێلی قژ زیانی هەیە؟

ئایا بەكارهێنانی جێلی قژ زیانی هەیە؟
جێلی قژ Hair gel جگە لە لایەنی جوانكاری لە بریقاندنەوە و ستایلكردنی قژ، هیچ سوودێكی دیكەی بۆ قژ و پێست نییە. ئەگەرچی قژ لە خانەی مردوو پێكهاتووە، بەڵام هێشتا خانە مردووەكان لەگەڵ ئاوێتە كیمیاییەكاندا كاردانەوە دەنوێنن بە شێوەی شكان، وشكبوون، لەدەستدانی رەنگ. زیاد بەكارهێنانی جێلی قژ كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر پێستی سەر بە شێوەی هەستەوەری و پەیدابوونی زیپكە، بەڵام هەرگیز نابێتە هۆی رووتانەوەی قژ، زیانەكانی جێل بۆ قژ ئەمانەن: زۆربەی جۆرەكانی جێلی قژ ئەلكهول لەخۆدەگرن، كە بە شێوەی وشك و زبربوون و لوولبوون زیان بە قژ دەگەیەنێت، هەروەها جێل شێداریی قژ كەم دەكاتەوە، هەندێك جۆری جێلی قژ فتالەیتەكان Phthalates، یان پارابینەكان Parabens، یان ئاوێتەكانی پەترۆڵ Petroleum لەخۆدەگرن، بۆیە زیاد بەكارهێنانی لەوانەیە ببێتە ئەگەری تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان لە لەش و ئەگەری دروستبوونی گرفتی تەندروستیی دیكە، پەیدابوونی تفر Flakes چەند رۆژێك پاش بەكارهێنانی جێلی قژ لەبەر وشكبوونی پێكهاتەكانی جێل. تۆش ئەگەر جێلی قژ بەكاردێنیت، هەوڵبدە كە بڕی كەمی جێل بۆ ماوەیەكی كورت لەسەر قەدی تاڵە مووەكاندا بهێڵیتەوە، چونكە بەكارهێنانی جێلی قژ رۆژانە زیان بە قژ دەگەیەنێت، بەر لە كڕینی هەر جۆرێكی جێلی قژ بە وردی زانیاری و رێنمایییەكانی سەر قوتووەكە بخوێنەرەوە، ئەگەر قژت وشكە هەوڵبدە كە دووربكەویتەوە لە بەكارهێنانی ئەو جۆرانەی جێل كە ماددەی ئەلكهول لەخۆدەگرن.
Top