كرداری ئۆكسان Oxidaition لە لەشدا روودەدات لە ئەنجامی: میتابۆلیزم و مامەڵەكردن و پرۆسێسكردنی خۆراك لە لەشدا، بەركەوتن بە تیشكی خۆر، بەركەوتنی لەش بە ماددە ژەهراوییەكان و تیشكی ئێكس، جگەرەكێشان،پیسبوونی ژینگە، خواردنەوەی ئەلكهول. ئۆكسان دەبێتە هۆی پەیدابوونی كۆڵكە، یان ماددە سەربەستەكان Free radicals كە بریتین لە گەردیلەی ئۆكسجینی ناتەواو و ناجێگیر، كە فشاری ئۆكسان لەسەر هەموو خانەكانی لەش پەیدا دەكەن و زیانی زۆر بە DNA دەگەیەنن و دەبنە ئەگەری: زووپیربوون و زیادبوونی ئەگەری شێرپەنجە، نەخۆشی دڵ، دابەزینی بەرگریی لەش، ئاوی سپیی چاو، تێكچوون لە فرمانەكانی مێشكدا. ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants، یان رێگا لە پەیدابوونی گەردیلە سەربەستەكان دەگرن، یانیش پاش پەیدابوونیان تێكیان دەشكێنن، هەر ماددەیەكی دژەئۆكسان بە شێوەیەكی جیاواز كاردەكات، بەیەكەوە وەكو تیمێك بەرەنگاری گەردیلە سەربەستەكان دەبنەوە و لەش دەپارێزن لە: رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجە، كزبوونی بینین و ئاوی سپی، هەوكردنی جومگەكان، زووپیربوون، جەڵتەی مێشك، زوو بیرچوونەوە، هەوكردنەكان. نموونەی دژەئۆكسانەكان: ڤیتامین E، ڤیتامین C، بیتا كارۆتین Beta-carotene، لایكۆپێن Lycopene، كانزای سیلینیۆمSelenium و مەنگەنیز، فلاڤۆنۆیدەكانFlavonoids، پۆلیفینۆلەكان Polyphenols، ئۆمیگا3 و ئۆمیگا6.