قژ لە 3 چین پێكهاتووە، چینی دەرەوە كە چەوریی سروشتی لەخۆدەگرێت و چینەكانی ناوەوە لە وشكبوون دەپارێزێت، كاتێك ئەم چینە بە هۆكاری جیاواز تێكدەشكێت، ئەوا قژ وشك دەبێت و رەونەق و بریقەی خۆی لەدەست دەدات، لەوانەشە بقڵیشێت، كەواتە وشكبوونی قژ واتە كەمبوونەوەی رێژەی شێداری كە دەبێتە هۆی زبربوون و لوولبوونی قژ. حاڵەتەكە دوچاری پیاو و ئافرەت دەبێت لە هەر تەمەنێكدا. هۆكارەكانی وشكبوونی قژ ئەمانەن: كەشی گەرم و وشك، زیاد بەركەوتنی قژ بە تیشكی خۆر و با، زیاد مەلەكردن لە ئاوی كلۆركراو، یان ئاوی شۆر وەكو ئاوی دەریا، زیاد شووشتنی قژ، بەكارهێنانی شامپۆی بەهێز، یان كۆندیشنەر و ئاوێتەكانی دیكەی بەهێزی ستایلكردنی قژ، بۆیەكردنی قژ، بەكارهێنانی ئوتووی قژ، بەكارهێنانی سپرای قژ، زیاد بەكارهێنانی شیسوار، یان وشككەرەوەی گەرم. هەندێك جار وشكبوونی قژ لەوانەیە نەخۆشیی لەپاڵەوە بێت، وەكو: بەدخۆراكی Malnutrition، كەمیی ڤیتامین و كانزاكان، كەمبوونەوەی شلەی لەش، سستبوونی گلاندی دەرەقی، سستبوونی گلاندەكانی پاراتایرۆید Hypoparathyroidismكە كەوتوونەتە پشت گلاندی دەرەقی، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كالسیۆم لە خوێندا كە گرنگە بۆ تەندروستیی قژ.