لەوانەیە كە خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks هاندەر بن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئاگایی و وزە لەكاتی هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، بەڵام ئایا لە راستیدا خواردنەوەی رێد بوڵ، یان هەر جۆرێكی دیكەی خواردنەوەی وزەبەخش زیانی هەیە؟ پسپۆڕان رێنمایی دەكەن كە ئەم جۆرە خواردنەوانە نەكرێنە رۆژانە، ئەگینا زیان بە تەندروستی دەگەیەنن. خواردنەوە وزەبەخشەكان رێژەی بەرزی شەكر و كافائین لەخۆدەگرن، كە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، ئاستی ترشێتی خواردنەوەی وزەبەخش زیانبەخشە بۆ ئێسك و ماسوولكە و تەندروستیی مێشك، خواردنەوە وزەبەخشەكان هۆكاری بەهێزن بۆ خوپێوەگرتن، یان راهاتن، ئەمەش سەلمێنراوە كە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنەوەی یەك قوتوو لە خواردنەوەی وزەبەخش، لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن تا رێژەی 6.2% بۆ بەشی سەرەوەی پەستان و 6.8% بۆ بەشی خوارەوەی پەستانی خوێن، هەروەها ئاستی هۆرمۆنی نۆرئێپینیفرین Norepinephrine تا رێژەی 74% بەرزدەبێتەوە، كە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی لێدانەكانی دڵ. ئەو بەرزبوونەوەیەی ئاستی هۆرمۆن و پەستانی خوێن ئەگەری تووشبوون بە گرفتەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد دەكات، هەروەها رێژە بەرزەكەی ماددەی كافائین كە لە خواردنەوە وزەبەخشەكاندایە، هاندەرێكی دیكەیە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.