شێرپەنجەی سییەكان Lung cancer واتە دابەشبوونی كۆنتڕۆڵنەكراوی خانەكانی سییەكان، حاڵەتەكە سەرەتا بێ نیشانەیە، لە قۆناغەپێشكەوتووەكاندا نیشانەكان سەرهەڵدەدەن وەكو: كۆكە كە هەندێك جار خوێنی لەگەڵدا دەبێت، هەناسەتەنگی، ئازاری سینگ، قەبەبوونی دەنگ، ئازاری ئێسكەكان، سەرئێشە، بێهێزیی گشتی. ئەو هۆكارانەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان زیاد دەكەن بریتین لە: جگەرەكێشان، تا رۆژانە ئاستی كێشانی جگەرە زیاتر بێت هێندە ئەگەری تووشبوون زیاتر دەبێت، بەركەوتن بە دوكەڵی جگەرە، یان دوكەڵی دەستی دووەم Secondhand smoke واتە كەسێك جگەرەكێش نەبێت بەڵام لە نزیك، یان شوێنێك دوكەڵی جگەرەی بۆ بێت، بوونی ماددەی زەرنیخ (ئارسینیك Arsenic) لە ئاوی خواردنەوەدا كە تا رێژەكەی بەرزتر بێت ئەگەری تووشبوون زیاتر دەبێت، بەركەوتن بە ماددەی ئەسبێست Asbestos كە لە ئاوێتەكانی سیلیكاتە، بەتایبەتی لەو كەسانەی كە لە كانەكاندا كاردەكەن، مێژووی خێزانی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان، واتە هۆكاری بۆماوە.