تێكستكردن بە مۆبایل و ئازاری مل

تێكستكردن  بە مۆبایل و ئازاری مل
كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی زیاد بەكارهێنانی مۆبایل بۆ زۆربەمان زانراون، بەڵام بەم دواییە پسپۆڕان گرفتێكی دیكەیان سەلماندووە، كە لە ئەنجامی نووسین، یان زیاد تێكستكردن Texting بە مۆبایل دوچاری مل و شان و پشت دەبێت. تێكستكردن بە مۆبایل گرفت بۆ سستمی ئێسك و ماسوولكە لە گەنجەكاندا پەیدا دەكات، حاڵەتەكە لە پزیشكیدا بە دیاردە، یان گرفتی مل لە ئەنجامی تێكستكردن Textnecksyndrome ناوزەد دەكرێت. لێكۆڵەرانی ئوسترالی جەخت دەكەنەوە كە زیاد تێكستكردن بە مۆبایل لە گەنجاندا هۆكارە بۆ گەورەبوونی بەشە ئێسكی پشتەوەی بناغەی كاسەی سەر لە ئەنجامی زیاد چەماندنەوەی پشت و مل لەكاتی تێكستكردندا، چەماندنەوەی سەر بۆ پێشەوە بەردەوام بۆماوەی چەند كاتژمێرێك هاوكات لەگەڵ خڕكردنەوەی شانەكان و كوڕكردنەوەی پشت بۆ پێشەوە، گرفت بۆ ماسوولكەكانی ئەو شوێنانە پەیدادەكات بە شێوەی گرژبوون و فشار لەسەر ماسوولكە و ژێ و بەستەرەكانی پێشەوە ملدا، لەگەڵ كشان و گورجبوونی ماسوولكە و ژێ و بەستەرەكانی پشتەوەی ملدا، هەروەها گرژبوونی شانەكان كە ئازار پەیدادەكات. ئەم فشارە نائاساییانەی مل و بەشی سەرەوەی لەش بە تێپەڕبوونی كات گرفت پەیدادەكات، ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت ئەوا گرفتی گەورەتری تەندروستی بۆ دەمارەكان پەیدادەكات، بۆنموونە: ئازاری تیژ لە مل و پشتدا لەبەر گرژبوونی ماسوولكە، ئازاری تیژ لە هەردوو شانەكاندا كە بۆ قۆڵ و دەستەكانیش بڵاودەبێتەوە، سەرئێشە، هەوكردنی جومگەكانی نێوان بڕبرەكانی ملSpondylitis و گرفت لە بڕبڕەكانی ملدا، گرفت لە راگرتنی هاوسەنگی و ئاراستەی ملدا.
Top