ڤیتامین D لە لەشدا زۆر گرنگە بۆ هەڵمژینی كانزای كالسیۆم و هاندانی گەشەی ئێسك، هەروەها رۆڵی هەیە بۆ رێكخستنی سستمی بەرگریی لەش، لەگەڵ پاراستنی سستمی دەمار و ماسوڵكەكان. كەمی ئەم ڤیتامینە لە منداڵدا دەبێتە هۆی ئێسكەنەرمە و لە گەورانیشدا پووكانەوەی ئێسك، هەروەها لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی دڵ، خەمۆكی، زیادبوونی كێشی لەش، هەروەها شێرپەنجەی كۆڵۆن و شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەت و پرۆستات لەپیاودا. پسپۆرانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە كە لەوانەیە بتوانن بە ڤیتامین D چارەسەری چەند حاڵەت و نەخۆشییەك بكەن وەكو: شێرپەنجە، ئازاری درێژخایەن، خەمۆكی، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەڵامەت، پووكانەوەی ئێسك، هەروەها بۆ خۆپاراستن لە ئۆتیزم. ئەگەر رۆژانە بۆ ماوەیەكی كورت خۆت بدەیتە بەر تیشكی خۆر ئەوا لەش بڕی پێویست لەم ڤیتامینە لە پێستدا دروست دەكات، بەڵام ئەو كەسانەی كە بەكەمی تیشكی خۆریان بەردەكەوێت ئەوا پێویستە كە بە رێنمایی دكتۆر بڕی پێویست لە ڤیتامین D3 بە شێوەی كەپسول یان دەرزی وەربگرن و هەرگیز لەخۆیانەوەی بڕی زیاتر لەم ڤیتامینە وەرنەگرن وەكو ئەوەی كە لە خشتەدا روونكراوەتەوە.