ژەهراویبوونی گلاندی دەرەقی بریتییە لە زیادبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی Hyperthyroidism، یان زیاد دەردانی هۆرمۆنی تایرۆكسین Thyroxine، ئەمەش كرداری میتابۆلیزمی لەشدا تاودەدات، كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كێشی لەش و زیاد لێدانی دڵ و ناڕێكبوونی ترپەكانی دڵ، ئافرەت زیاتر لە پیاو تووشی حاڵەتەكە دەبێت، هۆكارە هاندەرەكان بریتین لە: هەوكردنی گلاندی دەرەقی، بوونی گرێی چالاك لەناو گلاندی دەرەقیدا. نیشانەكانی ژەهراویبوونی گلاندی دەرەقی ئەمانەن: زیاد بوونی ژمارەی لێدانەكانی دڵ بۆ زیاتر لە 100 ترپە لە خولەكێكدا، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، زیادبوونی ئارەزووی خواردن، دابەزینی كێشی لەش، زوو تووڕەبوون و هەڵچوون، پەستی، ناڕەحەتیی دەروونی، دەستلەرزین، زیاد ئارەقەكردن، گۆڕان لە سووڕی مانگانەدا، زیاد هەستیاربوون بەرانبەر بە گەرمی، ئاوسانی گلاندی دەرەقی Goiter لە هەندێك حاڵەتدا، هەستكردن بە ماندووبوون و لاوازیی ماسوولكەكان، تەنكبوونی پێست، باریك و ناسكبوونی قژ. چارەسەركردن: دەرمانی دژەگلاند، یان ئایۆدینی تیشكدار، هەندێك جاریش نەشتەرگەریی لابردنی بەشێك، یان هەموو گلاندەكە.