ئاوسانی قاچەكان Swollen feet لەوانەیە لەبەر هۆكاری سادە رووبدات، وەكو قەڵەوی، یان وەستان بۆ ماوەیەكی زۆر، یان بەر لە كاتی سووڕی مانگانە لە ئافرەتدا، لەوانەشە كە نەخۆشییەكی مەترسیداری لەپاڵەوە بێت، بەتایبەتی ئەگەر ئاوسانەكە بەرە بەرە لە زیادبووندا بێت، یان بۆ بەشی سەرەوەتری قاچ هەڵبكشێت، یان هاوكات بێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، شین و مۆربوونی قاچ، هەناسەتەنگی، ئازاری سینگ، سەرسووڕان، هەستكردن بە سووكبوونی سەر، شێوانی باری دەروونی، ئازار. ئاوسان بەشێكی سروشتیی هەوكردنە و بریتییە لە كۆبوونەوەی شلە لەشانەكاندا Edema. ئاوسانی هەر دوو قاچ لەبەر نەخۆشی، یان حاڵەتی گشتی روودەدات، بۆنموونە: پەككەوتنی دڵ، بەڵام ئاوسانی یەك قاچ زیاتر لەبەر هۆكاری خۆجێیی روودەدات، بۆنموونە: مەیینی خوێن لە خوێنبەرە قووڵەكانی قاچ، یان گرفت لە رێڕەوەكانی لیمف. هۆكارەكانی ئاوسانی قاچەكان بریتین لە: هەستەوەری، مەیینی خوێن لە خوێنهێنەرەكانی قاچ DVT، نەخۆشیی دڵ، پەككەوتنی دڵ، هەوكردنی شانە نەرمەكانی قاچ Cellulitis، شێرپەنجەی ملی منداڵدان، تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، سستبوونی گلاندی دەرەقی، هەوكردنی میكرۆبی، نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشیی جگەر بەتایبەتی مۆمبوون، یان ریشاڵبوونی جگەر، هەوكردنی پەردەی دڵ Pericarditis، بەرزبوونەوەی پەستانی سووڕی خوێنی سییەكان، هەناسەتەنگی توند لەكاتی خەودا.