ڤیتامین K یەكێكە لەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێتەوە، رۆڵی گرنگی هەیە لە كرداری مەیینی خوێن و میتابۆلیزمی ئێسك، لەگەڵ رێكخستنی ئاستی كالسیۆم لە خوێندا. لەش پێویستی بە ڤیتامین K هەیە بۆ ردوستكردنی پرۆتینی پرۆسرۆمین Prothrombin كە فاكتەرێكی مەیینی خوێنە و زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پتەویی ئێسك و خۆپاراستن و چارەسەركردنی پووكانەوە، یان لاوازبوونی ئێسك. ڤیتامین K بە شێوەیەكی سەرەكی لە سەوزە گەڵا تاریكەكاندا هەیە، وەكو سپێناغ، سڵق، گەڵای چەوەندەر، جەرجیر،كاهو. تەنیا كالسیۆم و ڤیتامین D بەس نین بۆ بینا و پتەویی و دروستیی ئێسك، بەڵكو ڤیتامین K تەواوكەری كردارەكەیە. ڤیتامین K بە دوو شێوە هەیە، ڤیتامین K1 كە لە خۆراكی رووەكی سەرچاوە دەگرێت، K2 كە لە خۆراكی ئاژەڵی و خۆراكی هەوێنبوو سەرچاوە دەگرێت، هەروەها بەكتریای ریخۆڵەش دروستی دەكات. سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ڤیتامین K2 زیاترپەیوەندیی بە پاراستنی پتەویی ئێسكەوە هەیە. پسپۆڕان جەختیان كردۆتەوە كە بەكارهێنانی ڤیتامین K رۆڵی هەیە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی پووكانەوەی ئێسك و پاراستنی جومگەی نێك لە شكان. جگە لە زیاد خواردنی سەوزە گەڵا تاریكەكان، دەتواندرێت كە رۆژانە بڕی 250 مایكرۆگرام ڤیتامین K وەربگیرێت كە لەوانەیە ئەم ئەگەرە تا رێژەی 65% كەم بكاتەوە. بۆ دابینكردنی بڕی تەواوی ڤیتامین K، هەوڵ بدە كە بڕێكی باشی سەوزە گەڵا تاریكەكان بكەیتە خۆراكی رۆژانەت، بۆ دڵنیابوون دەتوانیت بە رێنمایی دكتۆر ڤیتامین K بەشێوەی دەنكۆڵە، یان كەپسول وەربگریت، بە مەرجێك رۆژانە لە 100 مایكرۆگرام زیاتر نەبێت.