چیپسی پەتاتە Potatochips چێژبەخشە، هەرزانە، لەبەردەستە، بەڵام بۆ تەندروستی زیانبەخشە. خواردنی بڕی كەمی چیپس جار جار لەوانەیە زیانی زۆر نەبێت، بەڵام زیاد خواردنی بێگومان زیانبەخشە، بۆنموونە: كەمیی ماددە خۆراكییە گرنگەكان، چونكە چیپس بڕێكی زۆر كەم لە كانزا و ڤیتامین و ماددە دژەئۆكسانەكانی تێدایە، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی لەبەر ئەوەی كە چیپس رێژەیەكی بەرزی چەوری و وزە لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە 30 گرام چیپس نزیكەی 10 گرام چەوری و 154 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا بەهۆی رێژە بەرزەكەی چەورییە نێوەندەكان Trans Fats كە بەهۆی زیاد گەرمكردنی زەیت پەیدادەبن و چەوریی زیانبەخشن، هەروەها رێژە بەرزەكەی چەورییە تێرەكان كە ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێندا بەرزدەكەنەوە، ئەمەش ئەگەری نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ زیاد دەكات. چیپسی پەتاتە لەبەر رێژە بەرزەكەی سۆدیۆم، یان خوێ لەوانەیە كە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد بكات، كە ئەویش بەدەوری خوێ لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزیی تەندروستیی دیكەی وەكو: جەڵتەی مێشك، پەككەوتنی دڵ، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، لەگەڵ نەخۆشیی گورچیلە. هەر 30 گرام چیپس نزیكەی 120-180 ملگم سۆدیۆم لەخۆدەگرێت.