چۆن خۆت لە گەرمای هاوین دەپارێزیت؟
یەكێك لە ڕێگە سەرەتاییەكان بریتیە لە هەڵبژاردنی جلوبەرگێكی گونجاو لەگەڵ پلەی بەرزی گەرمادا، بۆ ئەمەش قوماشی كەتانی ڕەنگ سپی باشترین بژاردەیە و بە هەموو شێوەیەك پێویستە لە جلوبەرگی ڕەنگ تاریك و تۆخ دووربكەوینەوە.
لە پلەی بەرزی گەرمادا، مرۆڤ پێویستی بە پاراستنی چاوەكانیەتی لە تیشكە سەروو بنەوشەییەكان، بۆ ئەمەش بەكارهێنانی چاویلكەی ڕەش ڕێگەیەكی باشە.
هەروەها بە پێی توانا كڵاو لەسەركردن و تەنانەت بەكارهێنانی سەیوانیش لە ڕۆژانی زۆر گەرم و خۆرەتاودا پێویستە.
بۆ پاراستنی پێست لە پلەی بەرزی گەرما و تیشكی بەهێزی خۆر، پێویستە كرێمی پاراستنی پێست لە تیشكی خۆر بەكارهێنیت.
لە ڕووی تەندروستیشەوە، زۆر گرنگە لە ڕۆژانی هاویندا بڕێكی زۆری ئاو بخوورێتەوە و شلەمەنییش پێكهاتەیەكی سەرەكی خۆراكی رۆژانە بێت، لەگەڵ كەمكردنەوەی خواردنەوەكانی كافینیان تێدایە.
خواردنی سەوزە و میوەش گرنگیەكی زۆریان هەیە لە رۆژانی گەرمادا، چونكە شلە و ڤیتامین و كانزای پێویستیان تێدایە بۆ قەرەبووكردنەوەی جەستە. هەروەها خواردنی گەرمیش پێویستە، بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆڤ بدات لە ئارەقكردنەوە، كە دەبێتە هۆی فێنكردنەوەی جەستە.
زۆر پێویستە لە وەرزی گەرمادا، مرۆڤ لە كاتی نیوەڕۆدا لە خۆدانە بەر تیشكی خۆر دووركەوێتەوە.
خۆشتن بە ئاوی سارد ڕێگەیەكی باشە بۆ فێنكبوونەوە، هەروەها زوو زوو تەڕكردنی رووخسار و دەست و قاچ و مل لە كاتی گەرمادا، گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ فێنكبوونەوە، لەگەڵ كردنەوەی پەنجەرەكانی ماڵەوە لە شەواندا پێویستە بۆ هەواگۆڕكێی نێو ماڵ.
basnews