بەگشتی كەمیی ژمارەی لێدانەكانی دڵ تا راددەیەكی دیاریكراو نیشانەیەكە بۆ دروستیی و چوستیی دڵ، بەڵام كە ژمارەی لێدانەكانی دڵ زیاتر كەم دەبێتەوە ئەوا مانای بوونی گرفت، یان ئاڵۆزیی تەندروستی دەگەیەنێت. ژمارەی ئاسایی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوە لە خولەكێكدا لە نێوان 60-100 دایە، كەمبوونەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ Bradycardia بۆ كەمتر لە 60 لێدان لە خولەكێكدا لەكاتی حەسانەوەدا لەوانەیە كە نیشانە بێت بۆ بوونی گرفت لە خودی دڵدا، گەلێك جاریش لە وەرزشواناندا ژمارەی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا بە شێوەیەكی ئاسایی لە 60 لێدان لە خولەكێكدا كەمتر دەبێتەوە و لەوانەیە كە بگاتە 50 لێدان لە خولەكێكدا. ئاكامی سەرەكیی كەمبوونەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ بریتییە لە لەهۆشچوون Syncope لە ئەنجامی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بە مێشك، ئەم حاڵەتە هەندێك جار دەبێتە ئەگەری كەوتن و شكانی ئێسك، گەلێك جاریش كەمبوونەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ هاوكات دەبێت لەگەڵ دابەزینی پەستانی خوێن، كە ئەویش هۆكارێكی دیكەیە بۆ لەهۆشچوون. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كەمبوونەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ ئەگەری نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد ناكات.