ئەوە سەلمێنراوە كە زیاد خواردنی شەكر و شیرینی یەكێكە لە نەریتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك، چونكە لەوانەیە كە چەندین گرفتی تەندروستی و نەخۆشیی لێ بكەوێتەوە، بۆنموونە: زیادبوونی كێش و قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ...هتد، بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوەیەك كە لە گۆڤاری تایبەت بە توێژینەوەكانی خەو بڵاوكراوەتەوە روونە كە خەوی دروست سوودی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت، سوودێكی دیكەی خەوی دروست بریتییە لە كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردنی شەكر و شیرینی Sugar craving و زیادبوونی هەستیاریی خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین، ئاماژە بەوەش كراوە كە خەوی دروست ئارەزووی خواردنی سوێرییش كەم دەكاتەوە، لەوكاتەی كە بڕی زیادی خوێ پەیوەندی بە زیادبوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە هەیە. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا روونكراوەتەوە كە كەم خەوی بۆ ماوەی كەمتر لە حەوت كاتژمێر لە ماوەی 24 كاتژمێردا، هۆكارە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردنی شەكر و شیرینی، هەروەها پەیوەندی بە نەخۆشیی دڵ و شەكرەوە هەیە.