ئایا پێكهاتەكانی دژەهەتاو زیانبەخشن؟

ئایا پێكهاتەكانی دژەهەتاو زیانبەخشن؟
بەم دواییە بەكارهێنانی دژەهەتاو Sunscreen بە شێوەیەكی بەرچاو لە سەرتاسەری جیهاند زیادی كردووە بە مەبەستی پاراستنی پێست لە شێرپەنجە و كاریگەرییەكانی دیكەی تیشكی خۆر لەسەر پێستدا، ئایا سوودی لە زیانی زیاترە، یان بە پێچەوانەوە؟ بەگشتی دژەهەتاو بە دوو رێگا كاردەكات كە بریتین لە: بەربەستی كانزایی و بەربەستی كیمیایی. دژەهەتاوی كانزایی Mineral وەكو ئۆكسیدی زینك و دایۆكسیدی تیتانیۆم بۆ پاراستنی پێست لە تیشكی خۆر بەربەستی فیزیایین، بەڵام دژەهەتاوی كیمیایی ماددەیەك، یان چەند ماددەیەكی كیمیایی لەخۆدەگرێت وەكو ئۆكسیبێنزۆن، ئەڤۆبێنزۆن، ئۆكتیسالەیت، ئۆكتۆكریلین، هۆمۆسالەیت، ئۆكتینۆكسەیت، ئەم ماددانە توانای چوونە ناو پێست و شانەكانی دیكەی لەشیان هەیە. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە ئەم ماددە كیمیاییانە ئاستی بەرهەمهێنان و هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان تێكدەدەن، بەتایبەتی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی، لەوانەشە ببنە ئەگەری پەیدابوونی هەستەوەری. ئەگەرچی دژەهەتاو بە پلەی یەكەم بۆ پاراستنی پێستە لە شێرپەنجە، بەڵام هەندێك لە پێكهێنەرە كیمیاییەكانی خودی دژەهەتاو لەوانەیە كە ببنە ئەگەری شێرپەنجەی پێست. لە لایەكی دیكەوە، دژەهەتاو بە شێوەی سپرای لەوانەیە كە لەگەڵ هەناسەدا هەڵبمژرێت و گرفتی تەندرستی پەیدا بكات. ئاماژە بەمەش كراوە كە بەكارهێنانی دژەهەتاو ئاستی دروستبوونی ڤیتامین D لە پێستدا كەم دەكاتەوە، واتە ئەگەری كەمیی ئەم ڤیتامینە دێتە پێشەوە كە پەیوەندی هەیە بە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە. بۆ خۆپاراستن، پسپۆڕان تەنیا بەكارهێنانی دژەهەتاوی كانزایی رێنمایی دەكەن.
Top