خۆراكی خێرا Fast food واتە ئەو خۆراكانەی كە بە خێرایی ئامادە و پێشكەش دەكرێن، وەكو هامبرگر، پیتزا، ماكدۆناڵد، كەنتاكی، جیبسی پەتاتە، شاورمە...هتد، خۆراكی خێرا بە خۆراكی ناتەندروست هەژمار دەكرێت، بۆیە پێویستە كە زۆر بە كەمی بخورێت لە هەموو تەمەنەكاندا. خۆراكی خێرا باركراون بە بڕی زیادی نەخوازراو لە خوێ،چەوریی خراپ، ماددەی كیمیایی زیاد كە لە پیشەسازی خۆراكدا بەكاردێن و نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، لەوانەشە كە بەكتریای زیانبەخش لەخۆبگرن. خۆراكی خێرا لەبەرئەوەی كە بڕی زیادی سۆدیۆم(خوێ)، چەورییە تێرەكان، چەورییە نێوەندەكان Trans fats و كۆلیستیرۆڵ لەخۆدەگرن، زیاد خواردنیان بۆ ماوەیەكی زۆر هۆكارە بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوی پەستانی خوێن، رەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشیی دڵ، زیادبوونی كێش و قەڵەوی. دیوێكی دیكەی نێگەتیڤی پەیوەست بە خۆراكی خێرا بریتییە لە: ئەگەری كەمی پاكوخاوێنی لە شوێنی ئامادەكردن و فرۆشتندا، كۆنبوون، یان مانەوەی خۆراكەكان بۆ ماوەیەكی زۆر، هەورەها چەندین جار گەرمكردنەوە و ساردكردنەوەیان كە جگە لەوەی لە بەهای خۆراكییان كەم دەكاتەوە، ئەگەری ئالودەبوونیشیان بە میكرۆبی زیانبەخش زیاد دەبێت.