حەز لەخۆراكی شیرین Sugar cravings زۆر جار و لەلایەن زۆر كەسەوە هێندە بەتێن دەبێت كە دەگاتە ئەندازەی ڕاهاتن Sugar addiction هەر وەكو ڕاهاتن لەسەر هەندێك دەرمان كە ناتوانرێت بەئاسانی وازی لێ بهێنرێت. بۆ سووككردنی حەز لەخواردنی شەكر و شیرینی، پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكە وەكو: ژەمێكی بەیانیانی تەندروستییانە و هاوسەنگ یەكجار گرنگە بۆ كەمكردنەوەی یان بەلاوەنانی ئارەزووی خواردنی شیرینی، هەوڵ بدە كە ژەمی خۆراكی بەیانیات پێكهاتبێت لەپرۆتین، چەوری و خۆراكی ڕووەكی. بەپێی توانا دووركەوە لەخۆراكە كاربۆهیدراتییەكان و شەكرەكان و خۆراكە نیشاستەییەكان، چونكە ئەم خۆراكانە حەزی خواردنی شەكر و شیرینی لەلات پتر دەكەن. هەوڵ بدە كە ژەمەكانی خۆراكت ڕێكبخەیت، سێ ژەمی سەرەكی لەكاتی خۆیدا و دەشتوانیت كە جگە لەسێ ژەمەكە دوو ژەمی بچووك لەنێوانیاندا بخۆیت، بەم شێوەیە ئاستی شەكری خوێن تا ئەو ڕاددەیە دانابەزێت كە ببێتە هۆی هەستكردن بەبرسیبوون و وروژاندنەوەی حەزی شیرینی. هەوڵ بدە كە لەكاتی هەستكردنت بەحەزی شیرینی فشار لەخۆت بكەیت و لەجیاتی خواردنی شیرینی وەرزشی ڕۆیشتن ئەنجام بدەیت، حەزی توند بۆ خواردنی شیرینی ئەوپەڕی بۆ ماوەی 10-20 خولەك دەمێنێتەوە ئینجا نامێنێ، بۆیە ئەگەر بتوانیت كە هەر لەگەڵ هەستكردن بەحەزی شیرینی، خۆتی لێ بدزیتەوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، ئەوا حەزەكە نامێنێت. هەوڵ بدە كە هەموو خۆراكە شیرینەكان لەماڵ و لەشوێنی كاركردنت دوور بخەیتەوە. دەتوانیت كە پارچەیەك میوە بخۆیت لەكاتی گەڕانەوەی حەزی شیرینی، هەروەها بڕێكی زۆری ئاو بخۆیتەوە.