چاوكولی
شەست حەوتا ساڵ بەر لە ئێستا، لەبەر تۆزی جۆخین و هەوێز و خۆڵە وردی نێو دێهاتەكان و تۆزوبای بەردەوامییەوە(چاوكولی) زۆربوو، لەبەر درێژدادڕی من لێرەدا تەنیا باسی دووان دەكەم:
یەكەم: لای ژوووری پێلووی چاو(قینچكە=زیپكە) یەكی ورد وردی سەرتیژ پەیدا دەبوو و لە چاو دەچەقی و ئازاری دەدا.
ئەمە پێدەگوترا(وەردێنە) كە ئەمڕۆ بە( تەراخۆما) ناودەبردرێت.
لەبەر ئەوە دایكم بە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییە هەڵدەستا چەند جارم بەم شێوەیەی خوارەوە دیوە:
(بەدەمی «مێروولە» زیپكەكانی دەتەقاند و خوێنی لێدەهات و بەپەرۆیەكی نەرم و خاوێن خوێنەكەی دەسڕییەوە).
لە وەرزی ساردیدا(مێرووستان) چنگ نەدەكەوت و لە جیاتی(گرمتە= كلۆ) شەكری قەندی بەكاردەهێنا.
عەمەلیاتەكە(چاوڕنین)ی پێداگوترا.
چاو هەبوو تەواو پێ چا دەبووەوە، هەشبوو ماوەیەك پێ هێور دەبووەوە پاشدان بەبنی دەداوە.
دووەم(پووشاوی) ی پێدەگوترا(ئەگەر لێمنە بێتە درۆ.
چونكە تەواوم لە یادنەماوە).
برا گەورەكەم، لە ژیاندا نەماوە چاوی پووشاوی بوو.
بیست و چوار سەعات شلیپاوی لە چاو دەهاتە خوارەوە و دوو رێچكە ئامال زەردی لەملاو لەولای لووتییەوە پەیداكردبوو هەردوو سێ داوە برژانگی بەیەكەوە نووسابوون.
ئەو تەرحە منداڵە(ڕلقلاو) ی پێدا دەگوترا، كەچی لەبەر. رێز گرتنی باوكم منداڵی ئاوایی بەدوایان هەڵنەبەستا ڕۆژێك دختۆرێكی گەڕۆك هاتە گوندەكەمان و گوتی (من چاكی دەكەمەوە).
ئەوسا من منداڵبووم و نەمدەخوێند، بەڵام باشم بەبیردێت.
(جۆڕكێكی خامن پڕ قوڕی سپی لابوو. و دەدوازدە(زێروو= زەروو)ی تێدابوو.
زەرووەكان بە ئەندازەی قلە پاقلەیەك دەبوون، شەش حەوتێكی بە دەورو و بەری چاوی دەناو سەری پێ شۆڕكردەوە و پەڕۆیەكی خستە بان سەری و نزیكەی سەعاتێكی خایاند، زێرووەكان هێندەی قلە قەسپێك گەورەبوون.
یەكە یەكەیانی لێدەكردەوە و دەیكوشی و خوێنێكی ڕەشی لێدەهاتە خوارەوە و دەیهاوێشتەوە نێو جوڕكە قوڕەكەوە.
براكەم لەو ڕۆژەوە چاوی چابووەوە و هەتا مردیش چاوی كول نەبووەوە.
دەسحەقی دختۆرەكەم لە یاد نەماوە.
مێرووستان= مێروولە.