كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ Peptic ulcer نەخۆشییەكی درێژخایەنە، بەدەرمان كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام لایەنی خۆراكیش زۆر گرنگە بۆ كۆنترۆڵكردن و سووككردنی نیشانەكان. هەوڵ بدە كە ژەمی گەورە نەخۆیت، چونكە هانی زیاتر دەردانی ترشەڵۆكی گەدە دەدات كە ئەمەش چاكبوونەوە دوادەخات. ئەو خۆراكانەی كە ڕێژەیەكی بەرزی شەكر یان چەوری لەگەڵ ڕێژەیەكی كەمی ڕیشاڵ لەخۆدەگرن، كاریگەرییەكی خراپ دەكەنە سەر كۆئەندامی هەرس. بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی كولبوونی هەرسی، پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكە وەكو: كەمكردنەوەی خۆراكی تیژ وەكو بیبەری تیژ و خەردەل و كاری، دووركەوتنەوە لەخواردنەوەی ئەلكهول، كەمكردنەوەی خواردنەوە كافائینییەكان وەكو قاوە و كاكاو و چای، كەمكردنەوەی سركە و ترشیات، كەمكردنەوەی خوێ لەخۆراكدا، زیادكردنی ماسی چەور لەخۆراكدا كە ترشە چەوری لەجۆری ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت كە ڕۆڵی هەیە بۆ پاراستنی ناوپۆشی گەدە و ڕیخۆڵە، زیاد خواردنی ئەو خۆراكانەی كە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرن، چونكە نیشانەكانی كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ كەم دەكەنەوە بەتایبەتی سەوزە و میوەكان، بۆ نموونە گێزەر، بیبەری شیرین، سڵقی سەوز، شیرەی كەلەم، زەیتی پاقلەی سۆیا Soybean oil، قەیسی، كیوی، گوێز، تۆوی گوڵەبەڕۆژە.