لایەنە باشەكەی زەیتی كەتان Flax seed oilزیاتر لەوەدایە كە ڕێژەیەكی باش لەترشە چەوری لەجۆری ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت كە بایەخی تەندروستی زۆری هەیە. بەكارهێنانی زەیتی كەتان لەخۆراكدا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی گشتی خوێن و ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لەخوێندا. كەمكردنەوەی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان Triglycerides لەخوێندا، دابەزاندنی پەستانی خوێن، لەوانەشە كە زەیتی كەتان ڕۆڵی هەبێت بۆ ڕێگرتن لەبەیەكەوەنووسانی خەپلەكانی خوێن دەرەنجام خۆپاراستن لەتووشبوون بەنۆرەی دڵ. زەیتی كەتان ماددەی لیگنانی Lignan تێدایە كە ماددەیەكی دژەئۆكسانە ڕۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ خۆپارستن لەچەندین جۆری شێرپەنجە و نەخۆشی بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك لەئافرەتدا. لەچەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە بەكارهێنانی زەیتی كەتان لەخۆراكدا سوودی هەیە بۆ پاراستنی ناوپۆشی ڕیخۆڵە و هاندانی زوو چاكبوونەوە لەهەوكردن و كولبوون بەتایبەتی هەوكردنی ناوپۆشی كۆڵۆن و نەخۆشی كرۆن Crohn>s Disease. نابێ هەرگیز ئەمەش لەیاد بكەین كە هەموو جۆرەكانی چەوری باش بێت یان خراپ وزەی زۆر لەخۆدەگرن، بۆیە زیاد خواردنیان دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی.