باشترین رێگا بۆ لابردنی تاتوو

باشترین رێگا  بۆ لابردنی تاتوو
كوتینی پێست یان تاتوو Tatoo واتە چەقاندنی یان جێگیركردنی ماددەی كیمیایی رەنگاوڕەنگ لە پێستدا. تاتوو هەرگیز لەخۆیەوە یان بە شووشتن لاناچێت. پێشان بە چەندین رێگا تاتوو لادەبرا كە هەموویان ئاسەوار لە شوێنی تاتوو لەسەر پێستدا جێدەهێڵن كە لە خودی تاتووەكە زیاتر ناڕەحەتی پەیدا دەكات. تەكنیكە نوێیەكانی لێزەر بۆ لابردنی تاتوو بە كەمترین زیانی لابەلا پێشكەوتنێكی زۆریان بەخۆوە بینیوە. لێزەر تاتوو بە یەكجاری لادەبات بە تێكشكاندنی رەنگەكانی تاتوو بە رێگای تیشكێكی زۆر تیژەوە. تاتووی رەش هەموو درێژییە شەپۆڵەكانی لێزەر هەڵدەمژێت بۆیە لە هەموو رەنگەكانی تر ئاسانتر لادەچێت. رەنگەكانی تری وەكو سوور رەنگی سەوزی تیشكی لێزەر هەڵدەمژێت. كەواتە رەنگی جیاوازی تاتوو بە لێزەری جیاواز و تایبەتەوە لادەبرێن. چەندین سەردان بۆ دووبارە لێدانی لێزەر پێویست دەكات كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەگاتە 2-4 جار، ئەمەش بە گوێرەی تەمەن، قەبارە و جۆری تاتوو، جۆر و سروشتی پێست، قووڵی رەنگەكان لەناو پێستدا. بەگشتی لێزەر سەلامەتترە لە رێگاكانی تری لابردنی تاتوو بەتایبەتی لابردن بە نەشتەرگەری یان تاشینی پێست Dermabrasion كە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئاسەوار لە شوێنی تاتوو جێدەهێڵێت، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە هۆی هەوكردن یان زیاد كاڵبوونی شوێنی لابردنی تاتوو.
Top