خەوزڕان Insomnia بە باوترین گرفتەكانی پەیوەست بە نووستن دادەنرێت. خەوزڕان گەلێك جۆری هەیە وەكو:خەوزڕانی كاتی Transient insomnia كە بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت لەبەر هەندێك هۆكاری سادە وەكو گۆڕان لە كات و شوێن و دەوروبەری نووستندا، خەمۆكی، شەكەتی دەروونی (سترێس (Stress. خەوزڕانی تیژ Acute insomnia واتە گرفتێكی بەردەوام بۆ نووستنێكی تەواو بۆ ماوەی 3 هەفتە تا 6 مانگ. خەوزڕانی درێژخایەن Chronic insomnia كە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت، كاریگەرییەكانی بەپێی هۆكارەكان دەگۆڕین، بۆ نموونە لەوانەیە كە چەند نیشانەیەك لە تووشبوودا بەدی بكرێن وەكو: ماندوبوونی ماسوڵكەكان، هەلوەسە Hallucinations، ماندوبوونی مێشك Mental fatigue. خەوزڕان بە گوێرەی هۆكارەكەی بە شێوازی جیاواز خۆی دەنوێنێت، بۆ نموونە خەوزڕان لە سەرەتای نووستندا Onset insomnia واتە تووشبوو خەوی دێت بەڵام ناتوانێت كە بچێتە خەوەوە، ئەمەش زیاتر لەگەڵ پەستیدا روودەدات. خەوزڕان لە نیوە شەودا، واتە تووشبوو لە نیوە شەودا لە خەو بەئاگادێت و ئیتر ناتوانێت كە دووبارە بچێتە خەوەوە، یان بەیانیان زۆر زوو بەئاگادێت بێ ئەوەی كە تێر خەو بووبێت، ئەمەش زیاتر لەبەر ئازار یان نەخۆشی روودەدات. خەوزڕانی درەنگ Late insomnia واتە زوو بەئاگاهاتن كە یەكێكە لە نیشانەكانی خەمۆكی.