خورما Dates ڕێژەیەكی بەرزی كاربۆهیدرات بەشێوەی شەكر لەخۆدەگرێت كە دەگاتە نزیكەی %73، خورما هەر سێ شەكری فركتۆز و گلوكۆز و سوكرۆز لەخۆدەگرێت كە لەش بەئاسانی سوودیان لێ وەردەگرێت، بۆیە خورما بەسەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی وزە دادەنرێت، بەڵام ڕێژەی شەكر لەڕوتابدا كەمترە و دەگاتە نزیكەی 25%. هەروەها خورما پرۆتین و زەیت و كانزایەكانی كالسیۆم، سولفەر، ئاسن، پۆتاسیۆم، كۆپەر، مەنگەنیز، مەگنسیۆم لەخۆدەگرێت كە هەموویان بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. خورما گەلێك ڤیتامین لەخۆدەگرێت وەكو ڤیتامینB1، B2، B5، B6، ئەم ڤیتامینانە گرنگی تەندروستی زۆریان هەیە لەدروستبوونی هیمۆگلۆبین و خڕۆكە سوور و سپییەكانی خوێندا، هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن. خورما جگە لەشەكر سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ڕیشاڵی ڕووكییە. ڕیشاڵی ڕووەكی دوو جۆری هەیە ڕیشاڵی تواوە و نەتواوە، هەر دووكیان سوودی تەندروستی تایبەتیان هەیە. جۆری تواوە كۆنترۆڵی نەخۆشی شەكرە دەكات بەوەی كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت، هەروەها ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت بەتایبەتی كۆلیستیرۆلی خراپ. جۆری نەتواوە تێكڕای جووڵەی خۆراك لەڕیخۆڵەدا تاودەدات و دژی قەبزی كاردەكات، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خورما هیچ كۆلیستیرۆلی تێدا نییە.