ئەوە ئاشكرایە كە سەوزە و میوەكان سەرچاوەن بۆ ڤیتامین و كانزایەكان و ڕیشاڵ و ئاو و ماددە دژەئۆكسانەكان، نێوەندە تەندروستییەكان جەخت لەسەر ڕۆژانە 5 جار خواردنی سەوزە و میوە دەكەنەوە. گەلێك جۆری سەوزە و میوە ماددەی خۆراكی گرنگ و كانزای گرنگی وەكو كالسیۆم، ئاسن، پۆتاسیۆم، مەگنسیۆم لەخۆدەگرن. سەوزە و میوە سەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندن بۆ ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants كە بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. هەندێك كەس لەجیاتی خواردنی بڕێكی باش سەوزە و میوە بۆ پاراستنی تەندروستیان، یارمەتیدەری خۆراكی Dietary supplements بەشێوەی دەنك یان كەپسول بەكاردێنن كە نزیكەی هەموو ڤیتامین و كانزایەكان بەڕێژەی جیاواز لەخۆدەگرن سەرەڕای هەندێك ماددەی دژەئۆكسان، بەڵام پسپۆڕانی خۆراك و خۆراكی تەندروستیانە هەردەم دژی بەكارهێنانی ئەم یارمەتیدەرە خۆراكییانەن و هەرگیز بەجێگرەوەی سەوزە و میوەی دانانێن لەبەر كۆمەڵێك هۆكار بۆ نموونە، جگە لەوەی كە یارمەتیدەرە خۆراكییەكان سروشتی نین و ئەگەری زیادبوونی هەندێك ڤیتامین و كانزا لە لەشدا پەیدا دەكەن كە كاریگەری خراپ دەكەنە سەر تەندروستیمان، هەموو پێكهاتە گرنگەكانی زانراو و نەزانراوەكانی ناو سەوز و میوەكان لەخۆناگرن. ئەوە ماوە بڵێین كە واباشترە سەوزە و میوەكان ئاوا سروشتییانە بخورێن و لەگەڵ كێك و كرێم و شیر و پەنیردا تێكەڵ نەكرێن كە ڕێژەیەكی بەرزی چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن.