هەندێك جۆری خۆراك بۆ كەسانی تووشبوو بە شەقەسەر وروژێنەرن Food Triggersواتە خواردنیان دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی نۆری توندی سەرئێشە بەتایبەتی ئەوانەی كە بەڕێكی دەرمانەكانییان بەكارناهێنن. شەقەسەر Migraine جۆرێكی سەرئێشەیە، بەگشتی بەنۆرە سەرهەڵدەدات و لایەكی سەر دەگرێتەوە، لەوانەشە هەموو لای سەر و چاوەكانیش بگرێتەوە، گەلێك جاریش تووشبوو بەتوندی ناڕەحەت دەكات. گەلێك هۆكار دەبنە ئەگەری سەرهەڵدانی نۆرەكانی سەرئێشە، بۆ نموونە لەپاش خواردنی گەلێك خۆراكدا وەكو: پەنیر، مۆز، هەنجیر، مێوژ، خواردنەوە ئەلكهولییەكان بەتایبەتی شەراب، ئایس كرێم، ماست، ترشیات، میوەی مزر، ساسی سۆیا Soya sauce، میوەی ئەڤۆكادۆ، شوكولاتە، نیسك، چەرەزات، سۆدا و ماددە شیرینكارە دەستكردەكانی وەكو سەكارین Saccarin و ئەسپارتێم Aspartame، خۆراكی هەوێنبوو. هەروەها ئەو خواردنەوانەی كە ماددەی كافائین لەخۆدەگرن وەكو قاوە، چای، كاكاو، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks سۆدای ئاسایی و سۆدای ڕیجیم Diet soda، گەلێك دەرمانیش ماددە كافائین لەخۆدەگرن بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی كە وەكو هاندەر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەكاردەهێنرێن وەكو بوترام و زیینیكال Xenical.