ماسی جۆرێك لەترشە چەورییە ناتێرەكان لەخۆدەگرێت بەناوی ئۆمیگا3 Omega كە ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی دڵ كەم دەكاتەوە. هەر چەند ماسی چەورتر بێت هێندە سوودی زیاتر بەدڵ دەگەیەنێت، چونكە ڕێژەیەكی بەرزتر لەترشی چەوری ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە ماسی سالمۆن Salmon و ماسی تونا Tuna. بەگشتی ماسی ئاوی شۆر وەكو ئاوی دەریاكان ڕێژەیەكی بەرزتری ئۆمیگا3 لەخۆدەگرن بە بەراورد لەگەڵ ماسی ئاوی شیرین و ڕووبارەكان. هەروەها ئۆمیگا3 ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ تەندروستی مێشك و چاوەكان. نزیكەی هەموو جۆرەكانی ماسی بەڕێژەیەكی دیاریكراو لەكانزای جیوە Mercury ئالودە دەبن. كەسانێكی خاوەن تەندروستی باش هیچ كێشەیەكیان نابێت بۆ ڕزگاربوونی لەشیان لەجیوە، بەڵام منداڵان و ئافرەتانی دووگیان و شیردەر دوچاری گرفتی تەندروستی دەبنەوە هەتا ئەگەر بڕی بچووكی جیوە لەخۆراكیاندا هەبێت، بۆیە پێویستە كە دووركەونەوە لەخواردنی هەندێك جۆری ماسی كە ڕێژەیەكی بەرزی جیوە لەخۆدەگرن. ئەمەش لەبیر مەكە ڕێگای ئامادەكردنی ماسی ڕۆڵی گەورەی هەیە لەبەهای خۆراكی ماسیدا، بۆ نموونە برژاندن لەناو فرنی یان بەشێوەی مەسگوف گەلێك تەندروستیانەترە لەسووركردنەوەی ماسی لەزەیت یان ڕۆندا.