سەوەفان جۆرێكە لەهەوكردنی جومگە كە لەبەر قڵیشان و سووانی چینی كڕكڕاگەیی سەر ئێسكە بەشدارەكانی جومگە، سەوەفان باوترین جۆری هەوكردنی جومگەیە. كڕكڕاگە كە ماددەیەكی پرۆتینییە وەكو گوشن كاردەكات لەنێوان ئێسكەكانی جومگەدا، لەكاتی سووانیدا كۆتایی ئێسك زبر دەبێت و دوچاری هەوكردن دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی نووكی زیاد لەسەر ئێسكەكاندا. سەوەفان زیاتر لەپیاوان و لەپاش تەمەنی 45 ساڵیدا ڕوودەدات. لەپەنجەكانی دەستدا، سەوەفان زیاتر لەجومگە بچووكەكەی كۆتایی پەنجەكاندا ڕوودەدات، هەندێك جاریش لەجومگەكانی ناوەڕاستی پەنجەكاندا ڕوودەدات. نیشانەكانی سەوەفانی جومگەی پەنجەكانی دەست بریتین لە: ئازار، سخبوونی جومگەكان، سەقەتی جومگە یان گۆڕان لەشێوەی جومگەكان، سنوورداربوونی جووڵەی جومگەی پەنجەكان، لەوانەشە كە جومگەكان بئاوسێن. نیشانەكان سەرەتا سووكن، پاشان بەرە بەرە سەختتر دەبن. ئەم حاڵەتە بەتیشكی ئێكس بەئاسانی دەستنیشان دەكرێت. چارەسەركردن بریتییە لەبەكارهێنانی دەرمانی دژە هەوكردن و كرێمی دژەئازار.