ئەگەرچی زیاد خواردنەوەی ئاو تەندروستیانەیە، بەڵام تێنووبوونێكی پتر لەسنووری دیاریكراو Polydipsia لەوانەیە كە كێشەیەكی تەندروستی یان نەخۆشییەكی لەپاڵەوە بێت. لەوانەیە كە زیاد تێنووبوون نیشانەیەكی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بێت، گەلێك جاریش نیشانەیەكە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی شەكرە. هەروەها زیاد تێنووبوون ڕوودەدات لەئەنجامی ونكردنی شلە لەكاتی وەرزشكردندا یان لەئەنجامی خواردنی خۆراكێكی شۆر و پڕخوێدا ڕوودەدات. هۆكارەكانی تری زیادتێنووبوون بریتین لە: خۆراكی تیژ، خوێنبەربوون، نەخۆشی شەكرە، خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی گەندە شەكرە Diabetes Insipidus، هەندێك دەرمان وەكو زیانی لابەلا، زیاد ئارەقەكردن، سكچوون لەبەر هەر هۆیەك، ڕشانەوەیەكی زۆر، كەم خواردنەوەی شلەو ئاو، كەم خواردنی سەوزە و میوە، پەككەوتنی دڵ، پەككەوتنی جگەر، پەككەوتنی گورچیلەكان. لەكاتی هەستكردنت بەزیاد تێنووبوون، هەوڵ بدە كە بڕێكی زۆری ئاو بخۆیتەوە نەك خواردنەوە شیرینكراوەكانی وەكو نوشابە گازدارەكان و شەربەتی دەستكرد و خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks، هەروەها ڕۆژانە بڕێكی باشی سەوزە و میوە بخۆ، چونكە ڕێژەیەكی بەرزی ئاویان تێدایە لەگەڵ ماددەی زۆر گرنگ بۆ تەندروستی. لەلایەن دكتۆریش چارەسەركردنی زیاد تێنووبوون دەكرێت بەدۆزینەوەی هۆكاری زیاد تێنووبوون و چارەسەركردنی. لەوانەشە كە زیاد تێنووبوون لەبەر هۆكاری دەروونییەوە ڕووبدات.