ئەلكهول و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن

ئەلكهول و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن
بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری Hyperglycemia هەموو بەشەكانی لەش دەگرێتەوە و وا دەكات كە پرۆتینەكان و چەورییەكان و خانەكان لەناو خوێندا بەیەكەوە بنووسێن، بەمەشەوە هاتووچۆی خوێن كزدەبێت، نیشانەكانی بریتین لە: هەستكردن بەتێنووبوون، زیاد میزكردن، بێهێزی گشتی لەش، هەستكردن بەئازار و گرژی لەپێیەكاندا، هەندێك جاریش شێوان و لەهۆشچوون كە ژیانی تووشبوو دەخاتە مەترسییەوە. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن پێویستی بەپاككردنەوەیەكی خێرا هەیە ئەگینا زیانە تەندروستیەكان بەرەو زیادبوون دەچن. ئەگەر نەخۆشی شەكرەشت نەبێت، دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن دەتپارێزێت لەچەندین گرفتی تەندروستی گەورەی وەكو: تێكدانی بۆڕییە وردەكانی خوێن لەتۆڕەی چاودا كە هەندێك جار دەبێتە هۆی كوێربوون، تێكچوونی موولوولەكانی خوێن لەگورچیلەكاندا كە زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت، تێكچوونی فرمانی دەمارەكان و هەوكردنیان، تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان و ئەگەری نیشتنی خوێنی مەییو و تووشبوون بەنەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. خواردنەوەی ئەلكهول دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن لەوكاتەی كە 1 گرام ئەلكهول 7 كالۆری وزەیەكی خێرا بەلەش دەدات، هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بریتین لە: خواردنی بڕێكی زۆری خۆراكی كاربۆهێدراتی، كەمی چالاكی بەدەنی، بەكارنەهێنانی دەرمانەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن لەنەخۆشانی شەكرەدا، بەكارهێنانی ژەمی گەورە لەدەرمانە ستیرۆیدییەكان Steroids، زیاد تووڕەبوون و گوشاری دەروونی توند.
Top