سەوزە قوتوبەندەكان Canned vegetables لەسەوزەی تازە و سەوزەی فریزكراو هەرزانترن، خۆڕاگرن بۆ ماوەیەكی زۆر، بەڵام كە مەسەلەكە دەگاتە بەهای خۆراكی، ئەوا ناكرێ كە سەوزەی قوتووبەند بەسەوزەی تازە بەراوردی بكرێت، چونكە سەرەڕای چێژی جیاواز سەوزەی قوتووبەند وەكو سەوزەی تازە هەموو ماددە خۆراكییە گرنگەكان دابین ناكات، ئەمەش لەبیر نەكەین كە هەر خۆراكێك بەناسروشتی Un-natural دادەنرێت ئەگەر بەشێوەیەكی فیزیایی یان كیمیایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت وەكو سەوزە قوتووبەندەكان. ئەگەرچی هەندێك لەماددە خۆراكییە گرنگەگان ون دەبن لەكاتی قوتووبەندكردنی سەوزەكان و لەگەڵ ماوەی خەزنكردندا، بەڵام ڕێژەكە هێندە زۆر نییە كە بەتەواوی لەبەهای خۆراكی سەوزەكان كەم بكاتەوە. بەگشتی ماوەی كاتی نێوان گواستنەوە لەكێڵگەكان و كڕینی سەوزەكان كاتێكی درێژە، بۆیە بەتایبەتی لەبەر كاریگەری هەوا و گۆڕان لەپلەی گەرمیدا گەلێك ماددەی خۆراكی لەسەوزە تازەكاندا كەم دەبێتەوە بۆ نموونە ڤیتامین C و ڤیتامین B1 و B2. یەكێك لەمەسەلە بایەخدارەكانی پەیوەست بەسەوزەی قوتووبەند بریتییە لەڕێژە بەرزەكەی خوێ كە لەڕووی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت، بەڵام دەكرێ كە سەوزەی قوتووبەند بەر لەخواردنی ئاوە شۆرەكەی بڕێژیت و بەكەمێك ئاوی پاك گەرمی بكەیتەوە.