پیشەسازی دابەزاندنی كێش لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ساڵانە چەندین بلیۆن دۆلار قازانج دەكات لەفرۆشتنی ئامێر و پێداویستییەكانی یارمەتیدەر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش. هەندێك لەم ئامێر و پێداویستییانە سوودیان هەیە، بەڵام هەرگیز نابنە جێگرەوە بۆ ڕیجیم و مەشقی وەرزشی. قایشی توندی كەمەر Waist belt یەكێكە لەو ڕێگایانەی كە تەنیا بەبیروڕای هەڵە بەكاردێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەوەی كە خانە چەورییەكان دەپەستێت بەمەشەوە هانی زیاتری ئارەقەكردن دەدات، گوایە ئەمەش هاندەرە بۆ سەرفكردنی وزە و كەمبوونەوەی چەوری لە لەشدا. ئەگەرچی بەستنی قایشی توندی كەمەر بۆ ماوەیەك خانە چەورییەكان بەشێوەیەكی كاتی دەپەستێتەوە و چێوەی كەمەر كەمێك بچووك دەبێتەوە، بەڵام ژمارەی خانە چەورییەكان كەم نابێتەوە، واتە ئەمە مانای دابەزاندنی كێش نییە، چونكە پاش فڕێدانی قایشەكە چێوەی كەمەر وەكو پێشانی لێدێتەوە. بە بەستانی قایشی كەمەر لەكاتی مەشقی وەرزشیدا ڕێژەی ئارەقەكردن لەپێستی بن قایشەكەدا زیاد دەبێت، ئەمەش كەمێك لەچێوەی كەمەر كەم دەكاتەوە لەبەر كەمبوونەوەی ئاو لەم هێڵەدا، ئەم ونكردنەی شلە لەژێر قایشدا كاتییە و پاش ماوەیەكی كەم چێوەی كەمەر وەكو خۆی گەورە دەبێتەوە. قایشی كەمەر لەو كاتە سوودی دەبێت بۆ دابەزاندنی كێش كە ببێتە هاندەرێكی دەروونی بۆ پەیڕەوكردنی ڕیجیم و مەشقی وەرزشی.