ماڵتی ڤیتامین بۆ كام منداڵ؟

ماڵتی ڤیتامین بۆ كام منداڵ؟
ئەو منداڵانەی كە خۆراكی ڕۆژانەیان هاوسەنگ بێت، هەرگیز پێویستییان بەوە نابێت كە ڤیتامین و كانزایەكان بەشێوەی یاریدەدری خۆراكی بەشێوەی شروب یان دەنك و كەپسول وەربگرن. بەكارهێنانی یاریدەدەرە خۆراكییەكان هەرگیز جێگرەوە نییە بۆ خۆراكی سروشتی هاوسەنگ، بەڵام بەناچاری دەدرێتە ئەو منداڵانەی كە ئارەزووی خواردنیان لاوازە بۆ خۆراكی سروشتی، ئەمەش بێگومان لەژێر چاودێری دكتۆردا ئەنجام دەدرێت. بەگشتی یاریدەدەرە خۆراكییەكان بۆ منداڵان سەلامەتن بەمەرجێك پەیڕەوی ئەو ڕێنماییانە بكرێت كە لەسەر قوتووەكاندا نووسراون، ئەو جۆرە یاریدەدەرە خۆراكییانە بۆ منداڵەكەت بەكارمەهێنە كە ژەمی گەورەیان لەهەندێك ڤیتامین و كانزا تێدایە بەتایبەتی ڤیتامین A و ڤیتامین D و كانزای ئاسن، چونكە كاریگەری ژەهراوی پەیدا دەكەن. هەوڵ بدە بەردەوام منداڵەكەت هان بدەیت بۆ خواردنی دانەوێڵە، شیر و بەرهەمەكانی وەكو سەرچاوەی كالسیۆم، چەوری تەندروستییانە وەكو زەیتی زەیتوون، لەگەڵ بڕێكی گەورەی سەوزە و میوەی تازە. هەندێك لەخۆراكی منداڵان بەڤیتامین و كانزا بەهێزكراون وەكو دانەوێڵە و شیر و پەنیر بەڤیتامین A و ڤیتامین D و كانزای كالسیۆم یان دەوڵەمەندكردنی نان یان سەموون بەكانزای ئاسن و كۆمەڵەی ڤیتامین B. لەسەر دایكان پێویستە كە وریابن لەهەندێك فۆرمیولای یاریدەدەرە خۆراكییەكان كە نەكەوتوونەتە ژێر ڕێكخستن لەلایەن ئاژانسی دەرمان و خۆراكی ئەمریكییەوە FDA بەتایبەتی ئەو فۆرمیولایانەی كە ڕیكلامیان بۆ دەكرێت گوایە سستمی بەرگی لەش بەهێز دەكەن یان یارمەتی گەشە دەدەن.
Top