كام خۆراك لەجیاتی گۆشت؟

كام خۆراك لەجیاتی گۆشت؟
پرۆتین Proteins بلۆكی بینایە بۆ هەموو فرمانەكانی لەش. مرۆڤی پێگەیشتوو بۆ هەر 10 كیلۆگرام كێشی لەش ڕۆژانە پێویستی بە8 گرام پرۆتین هەیە. ئەگەرچی گۆشت باشترین سەرچاوەی پرۆتینە، بەڵام دەكرێ خۆراكی تر وەكو سەرچاوەی پرۆتین لەجیاتی گۆشت سوودیان لێ وەربگیرێت. ئەگەرچی لەڕابردوودا پرۆتینی ئاژەڵی بەپرۆتینی كلاسی یەكەم و پرۆتینی ڕووەكی بەپرۆتینی كلاسی دووەم ناودەبران، بەڵام ئێستا ئەم زاراوانە بەكارناهێنرێن، چونكە گەلێك خۆراكی ڕووەكی وەكو گۆشت پرۆتینی گرنگ لەخۆدەگرن، لەسەروویانەوە پاقلەی سۆیا. سۆیا Soy و بەرهەمەكانی نزیكەی هەموو ترشە ئەمینە گرنگەكان لەخۆدەگرێت. نۆك و فاسولیا و پاقلەمەنییەكان ڕێژەیەكی بەرزی پرۆتینیان تێدایە، بۆ نموونە یەك كوپ نۆك نزیكەی 8 گرام پرۆتین و یەك كوپ فاسولیا یان پاقلەمەنییەكان نزیكەی 12-20 گرام پرۆتین لەخۆدەگرن. كاكڵەكان Nuts و تۆوەكان Seeds جگە لەڤیتامین E و چەندین ماددەی گرنگ، ڕێژەیەكی باشی پرۆتینیش لەخۆدەگرن، 100 گرام گوێز یان باوی نزیكەی 20 گرام پرۆتینیان تێدایە، 100 گرام تۆوی گوڵەبەڕۆژە نزیكەی 27 گرام پرۆتینی تێدایە. هێلكەش سەرچاوەیەكی پرۆتینە لەخۆراكی ڕۆژانەدا، یەك هێلكە پتر لە6 گرام پرۆتینی تێدایە كە نزیكەی 3.6 گرام تەنیا لەسپێنەكەیدایە.
Top