كانزایەكان لە لەشماندا

كانزایەكان لە لەشماندا
كانزایەكان Minerals ئەو توخمە كیمیاییانەن كە بۆ لەشی مرۆڤ پێویستن. جگە لەكاربۆن و هایدرۆجین و ئۆكسجین و نایترۆجین كە لەمولیكیولە ئۆرگانییەكانی لەشدا بەشدارن، گرنگی كانزاكان زیاتر لەوەدایە كە یارمەتی كارلێكە زیندە كیمیاییەكان دەدەن لە لەشدا، هەر بۆیەشە كە بۆ پاراستنی تەندروستی پێویستن. بەبێ كانزاكان، لەش ناتوانێت سوود لەڤیتامینەكان وەربگرێت، ئەنزیمەكان بەباشی فرمانی خۆیان ئەنجام نادەن، هاوسەنگی هۆرمۆنەكان دەشێوێت. خانەكانی مێشك و كۆئەندامی دەمار سیگناڵە كارەباییەكانیان بەهۆی تۆڕێكی كانزا بۆ هەموو بەشەكانی لەش دەگوازێتەوە. هەر لێدانێكی دڵ، هەر خانەیەك لە لەشدا پێویستی بەكانزاكانەوە هەیە بۆ ئەوەی بەباشی كاربكەن. جگە لەچوار توخمە بنەڕەتییەكان، نزیكەی شازدە كانزای خۆراكی بۆ تەندروستی پێویستن. نۆ كانزا لەمانە بەكانزا خۆراكییە زەروورەكان Essential لەقەڵەم دراون كە بەبڕی بچووك پێویستن، بەڵام فرمانی گرنگ لەلەشدا دەبینن، ئەمانە بریتین لە: ئاسن كە پێویستە بۆ هیمۆگلۆبینی خوێن، زینك كە لەچەندین ئەنزیمدا بەشدارە، سیلینیۆم دژەئۆكسانە و یارمەتی چەندیین كارلێكی كیمیایی دەدات، كۆباڵت كە پێویستە بۆ دروستبوونی ڤیتامین B12، كۆپەر و مەنگەنیز و مۆلبیدینۆم كە بۆ چەندین ئەنزیم پێویستن، یۆد كە پێویستە بۆ دروستبوونی هۆرمۆنی تایرۆكسین لەگلاندی دەرەقی. كەمی ئەم كانزایانە لەخۆراك كێشەی تەندروستی جۆراوجۆر پەیدا دەكات، بۆ نموونە كەمی كانزای ئاسن دەبێتە هۆی جۆرێكی كەمخوێنی، كەمی كۆباڵتیش دەبێتە ئەگەری جۆرێكی تری كەمخوێنی، كەمی یۆد دەبێتە ئەگەری سستبوون و ئاوسانی گلاندی دەرەقی.
Top