بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنە، بێ نیشانەیە، تووشبوو هەستی پێناكات تەنیا لەو كاتە نەبێت كە ئاڵۆزییەكی گەورە بۆ تەندروستی پەیدا دەكات، بۆ نموونە نۆرەیەكی دڵ كە لەوانەیە كوشندە بێت. تا ئێستا چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن نەدۆزراوەتەوە، تووشبوو تا لەژیاندا ماوە پێویستە كە بەوردی پابەندی پارێزی خۆراك و وەرگرتنی دەرمانەكانی بێت، هەروەها زوو لەلایەن دكتۆر خۆی بەسەر بكاتەوە ئەگینا لەوانەیە كە لەهەر ساتێك و هەر شوێنێكدا دوچاری یەكێك یان پتر لەئاڵۆزییەكانی پەستانی بەرزی خوێن بێتەوە كە زۆربەیان مەترسییان بۆ سەر ژیان هەیە. گرنگترین ئەو نیشانانەی كە لەئەنجامی ئاڵۆزییەكانی بەرزبوونەوەی پەستای خوێندا پەیدا دەبن بریتین لە: سەرئێشە و تێكچوونی هاوسەنگی لەش، لووتپژان Epistaxis، ئازار لەپشتەوەی سەر لەكاتی لەخەو هەڵساندا، ئازار لەناوچەی سینگدا، هەناسەتەنگی كە مەرج نییە لەگەڵ جووڵەو ماندووبووندا ڕووبدات، تێكچوونی تەركیز و شێوان لەهۆشدا، هەستكردن بەبێهێزی لەپەلەكاندا، گرژبوونی ماسوڵكەكان، شێوان یان كزبوون لەبینیندا، زیاد ئارەقەكردن، بێهێزی گشتی لەش، زوو میزكردن، دڵەكوتێ Palpitation. ئاڵۆزییەكانی پەستانی بەرز لەهەموو بەشەكانی لەشدا ڕوودەدەن، بەڵام دڵ و مێشك و گورچیلەكان لەهەموو ئەندامەكان پتر ئەگەری ئاڵۆزییەكانیان لێدەكرێت.