نۆرەی دڵ لە ئافرەتدا..نیشانەی جیاواز

نۆرەی دڵ لە ئافرەتدا..نیشانەی جیاواز
بەگشتی نۆرەی دڵ Heart attack لەئافرەتدا وەكو نۆرەی دڵ لەپیاواندا خۆی نانوێنێت، سینگ ئێشە كە زەقترین نیشانەی نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵە گەلێك جار لەئافرەتی تووشبوودا نابینرێت. ئەو ئافرەتەی كە تەمەنی لەژێرەوەی 55 ساڵیدایە و دوچاری نۆرەیەكی دڵ دەبێت بەبێ هەستكردن بەسینگ ئێشە، ئەوا ژیانی بەسەختی دەكەوێتە مەترسییەوە، هۆكاری ئەمەش تا ئێستا بەتەواوی نەزانراوە. تەنیا 58%ی ئافرەتانی تووشبوو بەنۆری دڵ هەست بەئازاری سینگ دەكەن بە بەراورد لەگەڵ 70%ی پیاوان. زانینی نیشانەكانی نۆرەی دڵ لەوانەیە كە ژیانی گەلێك ئافرەت لەمەترسی بپارێزێت. ئافرەتی تووشبوو لەوانەیە كە هەست بەماندووبوون بكات بێ ئەوەی كە هیچ جووڵەو چالاكییەكی بەدەنی ئەنجام دابێت، یان هەستكردن بەفشار یان قوڕساییەكی یەكجار زۆر لەسەر سینگدا. نیشانەكانی تری نۆرەی دڵ بریتین لە: سەرسووڕان، هێڵنج، بێهێزی گشتی، ژانەسك، قورسبوونی یان توندبوونی هەناسە. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون بەنۆری دڵ لەئافرەتدا زیاد دەكەن ئەمانەن: ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگەرەكێشان، نەخۆشی شەكرە، كێشی زیادی لەش و قەڵەوی، كەم جووڵانەوە، بوونی مەیلی خێزانی بۆ تووشبوون بەنەخۆشی دڵ.
Top