كاربۆهیدراتەكان بەشێكی زۆر گرنگن لەخۆراكی هاوسەنگ و تەندروستیانە. لەجیاتی كەمكردنەوەی كاربۆهیدراتەكان هەوڵ بدە كە جۆری تەندروستییانەتر Healthy Carbs هەڵبژێریت بەتایبەتی كە باس لەكۆنترۆڵكردن و دابەزاندنی كێشی لەش دەكرێت. كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان Complex carbs یان كاربۆهیدارتە باشەكان بریتین لە: دانەوێڵەی تەواو وەكو نان و سەموون بەگەنمی تەواو، جۆ، برنجی بەسمەتی، سەوزە و میوەكان، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكان Nuts وەكو گوێز و باوی و كازو و فستق. ئەم خۆراكانە بەشێنەیی و لەسەرخۆ هەرس دەكرێن، ڕێژەی باشتری ڤیتامین و كانزاكان و ڕیشاڵ دابین دەكەن، هەروەها نابنە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن. دووركەوە لەكاربۆهیدراتە سافكراوەكان وەكو: ئەو خۆراكانەی كە بەئاردی سفر و شەكر دروستكراون، ئەو بەرهەمانەی ئەلبان كە شیرینكراون وەكو ئایس كرێم، كێك و كراكەر و بسكویتەكان، كێكی برنجی Rice cakes، سپاگیتی یان نان یان سەموون كە بەئاردی سفر دروستكرابن، ساردەمەنییەكان، شیرەی گەنمەشامی Corn syrup. ئەم جۆرە خۆراكانە دەبنە ئەگەری بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن لەگەڵ هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاد خواردن و زیادبوونی كێشی لەش و ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی شەكرە.