گێلاس Cherries بڕێكی باشی میلاتۆنین Melatonin لەخۆدەگرێت كە یارمەتی خەوێكی تەندروستییانە دەدات بەوەی كە ئەڵقەی نووستن و بێداربوونەوە Sleep-wake cycles ڕێك دەخات بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەشەو كاردەكەن یان ئێشكگرن. گۆشتی قەلەموون، كە ترشە ئەمینی تریپتۆفان Tryptophan لەخۆدەگرێت یارمەتی لەش دەدات بۆ زیاتر بەهەمهێنانی ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin كە كاریگەری دەكاتە سەر خانەكانی مێشك بۆ باشتركردنی مەزاج و خاوبوونەوەی دەمارەكان و خەوێكی ئارام. شیری سۆیا Soy milk یارمەتی بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین و میلاتۆنین دەدات لە لەشدا كە هەردووكیان یارمەتی نووستنێكی سروشتی دەدەن. كاكڵەكان Nuts بەتایبەتی كازو Cashew ڕێژەیەكی بەرزی مەگنسیۆم لەخۆدەگرێت كە ڕۆڵی هەیە لەهاندانی خەوێكی ئارامدا، كەمی مەگنسیۆم لەخۆراكدا دەبێتە هۆی گرفت لەنووستندا. دانەوێڵەی تەواو Whole grains كە ڕیشاڵ و كاربۆهیدراتی ئاڵۆز لەخۆدەگرن كە یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین دەدەن كە ئەویش هاوكاری زیاتر گەیشتنی ترشە ئەمینی تریپتۆفان بەشانەكانی مێشك دەدات. گۆشتەكان بەتایبەتی گۆشتی سوور كە ڕێژەیەكی بەرزی كانزای ئاسن و ڤیتامین B12 لەخۆدەگرن، یارمەتی نووستن دەدەدن بەوەی كە ڕۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لەناڕحەتی قاچەكان لەكاتی نووستندا كە لەوانەیە لەبەر كەمی ئەم دوو ماددەیە ڕووبدات.