ئازار لە پاشنەی پێدا

ئازار لە پاشنەی پێدا
ئازاری پاشنەی پێ Heel pain لەوانەیە رووبدات لە ئەنجامی گرفت یان نەخۆشی لە پێست، دەمارەكان، ئێسكەكان، بۆڕییەكانی خوێن، هەروەها لە شانە نەرمەكانی پاشنەی پێدا. لەبەر رۆیشتن و جوولەی رۆژانە، پاشنەی پێ دوچاری زەبر و ئەزیەت دەبێت، هەتا كەفشی تەسك و پاشنە بەرز هۆكارێكە بۆ ئازار لە پاشنە و بەشەكانی تری پێدا. هۆكارەكانی ئازار لە پاشنەی پێدا بریتین لە: هەوكردنی جومگەكانی پێیەكان كە دەبێتە هۆی ئاوسان و گەرمبوون و سووربوونەوە و ئازار، پێوەدانی مێروو، زەبری دەرەكی، میخ Corn كە بریتییە لە شوێنێكی ئەستووربووی پێست لە بەشی ژێرەوەی كەلێنی پەنجەكان یان بەری پێدا كە ئازار پەیدا دەكات، شكانی ئێسك جا جۆری كراوە یان داخراو، زیدە ئێسك Heel spurs كە بریتییە لە گەشەی بەشی كۆتایی ئێسكی پاشنەی پێ، هەوكردنی ئێسك Osteomyelitis كە زیاتر لەپاش بەكارهێنانی دەرزی جومگە یان شكانی كراوەی ئێسك روودەدات، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر كە زیاتر لە نەخۆشانی شەكرەدا روودەدات و دەبێتە هۆی ئازار و سڕبوون لە پێدا، نەخۆشی لە بۆڕییە خوێنەكانی دەوروبەر PVD، بالوكە Warts كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە، زیاد ماندووكردنی پێیەكان وەكو زۆر وەستان و زیاد ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، خزینی كڕكڕاگەی نێوان بڕبڕەكانی پشت كە زۆر جار ئازارەكەی لە خوارەوەی پشتەوە دەگاتە پاشنەی پێیەكان. ئازاری پاشنەی پێ چارەسەردەكرێت بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆیەكەی.
Top